هەڵاڵە

خرید بک لینک

((هەڵاڵە))


جوانی بەهارت چۆن بۆ بێنمە دی

کە پەڕەی عەشقت بەهار وەراندی

چیتر جۆباران نابینن زریان

هەڵاڵەی کوێستان بۆت دێنە گریان

باڵندەکانیش بە دەردی تۆوە

دڵ بە گریانن جەرگ بە سۆوە

ئەو بیرەوەریەی تۆی پیر کردوە

من لە ناو خاکا هەڵم گرتوە

لە بن دارێکدا لە چیای هەڵوێ

گریانی کیژێک ئەگاتە کەڵوێ

هەڵاڵە ئەمڕۆ دڵ نیگەرانە

خەزانی دیوە و حەز بە وەرانە

هەر فرمێسکێکی کە خۆی دەنوێنێ

سەد بیرەوەری لە دڵ دەچێنێ

بۆ هەر چیایەک لا دەکاتەوە

جاری جارانی بیر دەخاتەوە

کاتێک کە دەڕوا ورد ورد بە ڕێدا

هەڵاڵە دەنگی یاری لە گوێدا

کە پێی وتبوو بە گیان و بە دڵ

:((یانە بۆتۆمە یا خود لە بۆ گڵ

لە تۆ زیاتر سوورە هەڵاڵە

بۆنی گوڵی تر لای من مەحاڵە

هەتا بمێنم هەڵاڵەی بەهار

غەیری ناوی تۆم نایەتە سەر زار))

هەڵاڵە دەگری و دەپاڕێتەوە

غەمێک لە ناخیا دەشارێتەوە

هەڵاڵە داییم چاو لە ڕێگایە

دەڵێ :((بە بێ تۆ کوا ژین ڕەوایە

شەو لە خەوم دای ڕۆژیش بە بێ تۆ

هەر چاوەڕێتم هەتاکوو دێیتۆ

گوایە نازانی دوای تۆ هەڵاڵە

دڵی لای تۆیە و ڕۆحی عەوداڵە

بە دایمە غەمی دووری تۆ دەخۆم

وێڵ و ئاوارە هەر دێم و دەڕۆم

بگەڕێوە لام گیانی شیرینم

بە بێ بوونی تۆ مەحاڵە ژینم))

وێڵ و ئاوارە کچەی بەستەزمان

بەرەو ئاوا بوون بە چاوی گریان

غەیری هەڵاڵان بەر چاوی تار بوو

ئەویش چوون ویردی سەر زاری یار بوو

کاتێک دەبینێ هەڵاڵەی بەهار

جوانی نەماوە و بێزارە بێ یار

چەند چڵ هەڵ ئەگرێ و ئەیخاتە سەر دڵ

تاکوو لەگەڵ خۆی بیباتە ناو گڵ

کە خۆر ئاوا بوو بو بە ئێوارە

وتیان هەڵاڵە لەسەر گۆڕ یارە

ئەم هەواڵە بوو کە ناو دێی هەژاند

تەک تەک هەڵاڵەی کوێستانی وەراند

گشت دڵ بە دوعا و دەستیان بە دەست نوێژ

سووجدەیان بردە گردی گەلاوێژ

دییان هەڵاڵەش کۆچی کردوە

سوورە هەڵاڵەی بۆ یار بردوە

کاتێک هەڵاڵە لای یاری نێژرا

لە سەر زمانی خەڵکی دەبێژرا

:((هەڵاڵە ئەمڕۆ دڵ نیگەرانە

خەزانی دیوە و حەز بە وەرانە

ئەو عاشقانەی وا دێنە ڕاوێژ

با بێن ببینن گردی گەلاوێژ

تەنیا کە یارت هێن با وەفایە

تۆ ئیتر بۆچی ناوت تەنیایە؟))

چەپکە هەڵاڵە...

ما را در سایت چەپکە هەڵاڵە دنبال می‌کنید

برچسب: نویسنده: بازدید: 17 تاريخ: يکشنبه 11 مهر 1395 ساعت: 6:17

صفحه بندی